ـــ ئەچم بۆلای عوسمانی حەیادار و ئەڵێم توخوا پێم بڵێ بزانم ڕاستە کە لە یەک ڕکات نوێژدا هەموو قوڕئانت خەتم کردووە؟ ئەگەر وتی بەڵێ کە ناڵێ بەڵێ، ئەڵێم ئەی پێغەمبەریش ئاوای ئەکرد؟ ئەڵێ نەبەخوا شتی وای نەکردووە؟

ـــ دواتر ئەچوم بۆلای یەک بە یەکی عەشەرەی موبەشەڕە و ئەڵێم من جارێک ئەولیایەک هاتە خەوم لە دڵخۆشیا شۆک بووبووم، ئەرێ ئێوە کە خوا لە عەڕشەوە موژدەی بەهەشتی پێدان، چۆن خەوتان پیا ئەکەوت؟

ـــ سەرئەکەوتمەوە بۆلای ماڵی باوە ئیبڕاهیم و ئەم‌وت ئا توخوا ئەگەر دایە هاجەره‌ لەوێیە بۆم بانگ کەن و ئەم‌وت دایە گیان تۆ زاتی خوا چۆن توانیت لەو سەحرا چۆڵ و بێ پاسەوانەدا بژیت؟ ئەوە ئه‌لحوکمو لیللا خۆت هیچ، چۆن جەڵتە لێی نەدای لە حەسرەتی ئەو توفلەی لەئامێزتدابوو بێ نان و بێ ئاو و بێ شیر؟

ـــ ئەچومە ماڵە بەرزەکەی بیلالی مەزنی ڕەشپێست و ئەم‌وت ئاتوخوا بانگبێژەکەی سەروەرم بانگێکم بۆ بفەرموو؟ ئەرێ ئەوکاتە بەردەکەیان خستە سەر ملت لەسەر ئه‌و لمە گەرمەدا ڕایان کێشایت، حاڵت چۆن بوو؟ ئەی توخوا کاتێ فتحی مەککە کرا و قاچی ڕاستت خستە سەرشانی کوڕەکەی خەتاب و قاچی چەپیشت خستە سەرشانی ئەبووبەکر تا بچیتە سەربانی کەعبە و بانگ بڵێی، چۆن ڕووت هات ئاوا بکەی؟

ـــ ئەچوومە خزمەت ئەبووبەکر و ئەم‌وت گەورەم ئەرێ ئەوکاتە چویتە ئەشکەوتەکەوە خەمی خۆتت بوو یان پێغەمبەرەکەت؟ هەر بەڕاس قوربان من دەیان هەزار لاپەڕەم لەمێژوو خوێندەوە، وەزیرەکان ئەوەندەی خەریکی دزی و تاڵانی و ماشینەوەی داهات و سامانن، نەمبیستووە مکتب سیاسییەک حیمایە بێت، ئەوە چۆن تۆ هەموو ژیانت لە حیمایەی پێغەمبەرا بەڕێ کرد، توخوا بەوردی بۆم باس کە چونکە لەدونیا هیچ و پوچەدا زۆر مەراقم بوو؟ باشە کە وتیان پێغەمبەر وەفاتی کردووە و ئەسحاب هەمووی پەشۆکاون، تۆچۆن دڵت پارچەپارچە نەبوو؟

ـــ دواتر بەسانایی ئەچوومە لای عومەرەکەم و ئەمپرسی بۆخاتری «الله» تۆچیت کرد لەگەڵ دژە دینەکاندا و ئەی بۆ ئاوا لەگەڵ جولەکەیەکی پیرا دڵت وەکو لۆکە وابوو، ئەزانی قوربان دوای تۆ گروپانێکی زۆر پەیدابوون ئەیانوت نابێ کافر بمێنێت و بە هەرکەس ئەگەیشتن قەتڵوعامیان ئەکرد و بەخوا جارجارەش بەناوی توندڕەوی تۆوە ئەیان‌کوشتن؟ بەهەرحاڵ گەورەم خۆشحاڵ بووم لەنزیکەوە تۆم ناسی؟

ـــ ئەچوومە خزمەتی عەلی کەڕڕار و ئەم‌وت ئەرێ تۆ چ جەرگێکت هەبوو؟ ئەرێ دڵت کونی تیابوو ئاوا بەو مناڵیە لەجێگاکەی پێغەمبەر خەوتیت؟ نەئەترسای ڕمێک، شمشێرێک کورەتیرێک بکەن بەورگتدا؟؟ بەهەرحاڵ واز لەوە بێنە ئەرێ چۆن ڕووت هات خوازبێنی کچەکەی پێغەمبەر بکەیت؟ ئەوەش قەینا ئەی تۆڵەی عوسمانی بەناهەق شەهیدکراوت بۆ نەکردەوە،خۆ بیستوومە بەڵام حەز ئەکەم لە زاری خۆتەوە چیرۆکەکە ببیستم؟

ـــ ئەچوومە خزمەت موسای نەبەرد و ئەم‌وت وه‌ڵڵا بەباسکردنی ڕووبەڕووبوونەوەت لەگەڵ جەبەروتیەتی فرعەونا موچرکە بەجەستەما ئەهات، پێم بڵێ چۆن توانیت بەرەنگاری ببیتەوە، ئەزانم خواپێی فەرمووی، خۆم لەگەڵتام، بەڵام هەربۆم هەزم نەئەکرا، ئەڵێن سی‌وشەش هەزار حیمایەی هەبووە ئەو دیکتاتۆڕە؟ باشە چۆن نەتۆقای؟ چۆن دڵت شەقی نەبرد کە لەنێوان ئەو هەموو گورگەدا ڕۆیشتیتە دیوەخانەکەی ستەمکارترین مرۆڤ؟

ــــ بە یووسفی پاڵەوانم ئەوت، ئای کە خۆشم ئەویستی، ئای کە مەزن بوی؟ ئای کە دەرسم لێوەرگرتی؟ ئای ئارامیم لێتەوە وەرگرت؟ سوێند بەخوا کاکە یووسف باوکت ناهەقی نەبوو چاوەکانی کوێربوون؟ وه‌ڵڵا من بووایەم دڵیشم ئەوەستا نەک چاو؟ ئەم‌وت ئەگەر کاتت ناگرم بەسەرهاتەکەم بۆ بگێڕەرەوە خۆشەویستەکەم، بزانم برای خراپ و بێ ویژدان چیان پێکردی، لە مەکری زوڵێخا چۆن ڕزگارت بوو؟

ــــ ئەچووم بۆلای دایکە عایشە و ئەموت دایەگیان خوا شایەتە گومانم لە ئیمانداری و پاکی و تەقواتان نیە، بەڵام حەقیقەتی ئەو شەڕی جەمەل و ناکۆکیەی ئیمام عه‌لی و مه‌عاویە چۆن بوو ڕویدا؟

ـــ ئەچووم بۆلای موحه‌ممه‌د فاتح ئەم‌وت سڵاو شۆڕەسوار، دڵنشینەکەی پێغەمبەر، چۆن ئەو قەڵا و شارەی ڕۆم و بێزەنتییەکانت ڕزگار کرد، چ سەبرێک و فیداکارییەکت بەخەرجدا؟

ــ بەهەڵەداوان ئەچوومە لای ئیمام بەننا و ئەم‌وت گەورەم ئەوهەموو خەمەی ئۆمەتت چی بوو لەکۆڵت نابوو؟ چی لەهەگبەکەتدا بوو ئاوا دوای دەیان ساڵ لە تیرۆرکردنت هەرلێت ئەترسان؟ حەز ئەکەم ئەوکاتەی تیرۆریان کردیت و بەخوێنی ئاڵت سەحوەکەت ئاودا، تۆ چیت کردبوو ئاوایان لێ کردی؟ ساتی کوشتنەکە و بێنازیەکەتم بۆ وەگێڕە ئەی لەنگەرگری کەشتی ئوممەت؟ ئەزانی تەنها دووکەس ڕێیان پێدرا تەرمەکەت ئەسپەردە بکەن؟ تەعزیەی چی و سەرەخۆشی چی!؟

ــــ ماڵی سه‌ید قوتبیش هەر لەو نزیکانە بوو ئەچوومە خزمەتی و ئەم‌وت بۆ لەکاتی سێدارەدانا بەگوێی مەلاکانت نەکرد و شایەتومانت نەهێنا بۆیان؟ شەوانی زیندانی ئەشکەنجەی حه‌مزەبەسیۆنی ستەمکارم بۆ وەگێڕە، ئازارەکانتم بۆ باسکە؟ ئەو دیمەنەی زەینەب غەزالیم بۆ باس بکە کە بینیت سەگیان تێبەردابوو؟

ــــ ئەچووم بۆلای سوبحانییەکەم و بەزمانەکەی خۆمان ئەم‌وت: قوربانەت بوو لوانێ یانەکەت کتێبەکێ و قوڕئانەکەت سەرو مێزەکێوە هیشتای چەمەڕوانیت کەرێنێ؟ جاماچو دڵەکەم ،مامۆساکەم تۆ چی تەنەزولت نەکەرد با ئیعدامشا نەکەردێنی؟ خۆکافر نەبینی؟ ڕەفیقێوەت باسو  ورەبەرزی تۆش گێڵناوە سەدئاننەتەر چەقای دڵم؟ خاسا ئازاڵمێ چەنی دڵشائاما پەتەوقەنارەی وزاملت؟ من مەزانوو حەتا پرسیارەکایچم کەرو بەڵام تخا وێت پەیم گێڵنۆ و باسو ئەشکەنجەکە و کاک ئەحمەدیچم پەی باسکەرە؟

ــــ کۆتاجار بەمیسکەکەی دڵ و دەروونم، نووری چاوم پێغەمبەرم کۆتاییم بەگەشتەکەم ئەهێنا و لەسەر ئەژنۆ سەدان ڕۆژ دائەنیشتم بەبێدەنگ و بەبێ پرسیار تا لەکۆتاییدا عەرزم ئەکرد قوربان ئەم دینەت چۆن گەیاند؟ چۆن ئاواباڵی کێشابەسەرجیهاندا و ملیارەها لەسایەیدا بەختەوەر ئەبوون؟ هەرئەوەندە و بەس و هیچیترم نەئەوت؟

هەڵبەتە وردەسەردان ودیداری تریشم ئەکردن کەلێرە ناکرێ باسیان بکەم.